دکتۆر جه‌بار قادر
ئه‌وه‌ی به پرۆسه‌ی ئاشتی له باکوری کوردستان نێو ده‌برێ، سه‌رنجی هه‌موو لایه‌کی به‌لای خۆیدا ڕاکێشا و زۆری له سه‌ر نووسراو و زۆرتری له سه‌ر وترا. خه‌ڵك به‌گه‌رمی پێشوازی لێکرد و هێزه سیاسییه‌کان پشتیوانی خۆیان بۆی ده‌ربڕی. هه‌ڵوێستی ده‌وڵه‌ت و ڕێکخراوه‌کانیش به گشتیی ئه‌رێنی بوو. ده‌بوایه هه‌ر واش بێت، چونکه که‌س نیه بڵێ پشتگیری له کوشتار و ئاڵۆزی ده‌که‌م، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شی که له دژی پرۆسه‌که بوون، هه‌ڵوێستی خۆیان به ڕاشکاوه‌یی پیشاننهدا. کورد به ڕاوه‌ستانی شه‌ڕ و ماڵوێرانی دڵخۆشه، هه‌رچه‌نده زۆر که‌س نیگه‌رانی خۆیان له شێوازی یه‌کلایه‌نه‌ی پرۆسه‌که نه‌شارده‌وه. ده‌وله‌تی تورکیا، که ده‌مێك بوو چاوه‌ڕوانی ڕووداوێکی وا بوو، به جۆره له خۆباییبوونێکهوه پێشوازی لێکرد و ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یه‌یاند، که گرنگی و جدییه‌تی پرۆسه‌که له هه‌نگاوه عه‌مه‌لییه‌کاندا ده‌رده‌که‌ون. له‌م به‌ینه‌دا ته‌نها پارت وناوه‌نده ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌کانی تورك پرۆسه‌که‌یان به هه‌ڕه‌شه له سه‌ر تورکیا له‌قه‌له‌مدا.
پارته سیاسییه‌کانی لای خۆمان، وه‌کو خوی هه‌میشه‌ییانه و دوور له لێکدانه‌وه و شیرۆڤه‌کردنی بابه‌ته‌که، دونیایان کرد به به‌هار و هه‌ندێ ململانێ و کێبڕکێی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌شیان له سه‌ر ئه‌وه کرد، ئایه کام لایان زۆرتر ڕۆڵی بینیوه له گه‌یشتن به‌م "ده‌سکه‌وته نه‌ته‌وه‌ییه". بۆ ئه‌مان ئه‌مه هه‌لێك بوو، که ده‌مێك بوو خه‌ونیان پێوه ده‌دیت. له لایه‌که‌وه ڕزگاریان بوو له‌و فشاره سه‌ربازی و سیاسییه‌کانی تورکیا که ده‌یکرده سه‌ریان به هۆی هه‌بوونی چه‌کدارانی پارتی کرێکارانی کوردستانه‌وه له قه‌ندیل، له لایه‌کی تریشه‌وه ده‌مێکه باس له‌وه ده‌که‌ن، که ده‌می خه‌باتی چه‌کداری به‌سه‌رچووه و مادام ده‌رفه‌تی خه‌باتی سیاسی له به‌رده‌م کوردا له تورکیا هاتۆته کایه‌وه، پێویستی به‌وه ناکات کوڕ و کچی کورد بدرێن به کوشت و کوردستان وێران بکرێت. ئه‌مه دروسته، لێ ئه‌و ململانێ بێواتایه ڕه‌هه‌ندی تریشی هه‌بوو، چی بۆ نێوخوی کورد و چی له به‌رده‌م تورکیادا. بۆیه ده‌ڵێم بێ‌مانا، چونکه دروست ئه‌وه‌یه، مرۆڤ چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامه‌کان بکات و بزانێ تا کوێ پرۆسه‌که سه‌رده‌که‌وێت، ئه‌وجا بگره‌وبه‌رده له سه‌ر ڕۆڵ و پێگه‌ی خۆی تێدا بکات. تۆ بڵێی ئه‌گه‌ر پرۆسه‌که سه‌رنه‌که‌وێت که‌س خۆی بکات به خاوه‌نی؟ . باشوری کوردستان له شوباتی 1963، واتا نیو سه‌ده‌ی ڕه‌به‌قه خه‌رێکی دان و سانه له گه‌ڵ حکومه‌ته‌کانی به‌غدا، هێشتاش خۆمان له دامێنی چیای کێشه‌کاندا ده‌بینیینه‌وه. کێ ده‌ڵی ئه‌مه‌ی تورکیا له‌وه ئاڵۆزتر و سه‌ختتر نابێت. به له به‌رچاوگرتنی ئه‌و ڕاستییه ، که ده‌وڵه‌تی تورك تا به‌ر له چه‌ند ساڵێك دانی به هه‌بوونی کوردا نه‌ده‌نا، ئێستاش مه‌گه‌ر هه‌ر خۆی له‌و پێناسه‌یه تێبگات که بۆ کوردی ده‌کات، کاتێ به هاولاتیانی تورکی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك کورد ناویان ده‌بات، له کاتێکدا به‌غدا، هه‌رچه‌نده به چه‌کی کیمیاوی له کوردی ده‌دا و ئهنفالیانی ده‌کرد، قه‌ت نکۆڵی له هه‌بوونی کورد نه‌کردووه و له هه‌ندێ بڕگه‌ی مێژوویی سه‌ده‌ی ڕابردووش‌دا، ته‌نانه‌ت دانیناوه به هه‌ندێ له مافه‌کانیاندا.
دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند مانگێك به‌سه‌ر پرۆسه‌که‌دا تێپه‌ڕی و کهف و کۆڵی هه‌ست و سۆز و هه‌ڵوێسته‌کان دامرکانه‌وه و لێره وله‌وێ ده‌ستکراوه به باسکردن له به‌بنبه‌ست گه‌یشتنی پرۆسه‌که و گوێمان له ئه‌گه‌ری کشانه‌وه له پرۆسه‌ی ئاشتی ده‌بێت، کاتی ئه‌وه هاتووه خوێندنه‌وه‌یه‌کی هێمنانه‌ی بۆ بکرێت، خاڵه ئه‌رێنی و نه‌رێنییه‌کانی، ئه‌گه‌ری سه‌رکه‌وتن و شکستهێنانی لێکبدرێنه‌وه. ئامۆژگاریم بۆ ئه‌وانه‌ی ته‌نها به یه‌ك ئاراسته بیرده‌که‌نه‌وه، کاتی خۆیان به فیڕۆ نه‌ده‌ن و ئه‌م نووسینه نه‌خوێننه‌وه. له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته له سه‌ر فه‌یسبوك بڵاوده‌کرێته‌وه و دانیشتوانی ئه‌م دونیا تازه‌یه زۆر به‌په‌له و سه‌رقاڵن و حه‌وسه‌ڵه‌ی خوێندنه‌وه‌ی بابه‌تی دوور و درێژیان نیه، بۆیه هه‌وڵده‌ده‌م له چه‌ند ئه‌ڵقه‌یه‌کدا ته‌وه‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌م پرۆسه‌یه پێشکه‌ش به دۆستان و خوێنه‌ران بکه‌م.
باسکردنی مێژووی دۆزی کورد له تورکیا و سیاسه‌تی نامرۆڤانه‌ی کاربه‌ده‌ستانی ئه‌و وڵاته له سه‌ده‌ی ڕابردوودا، زۆریان له سه‌ر وتراوه و پێویستیان به‌وه نیه لێره‌دا دووباره بکرێنه‌وه، بۆیه ده‌بێ یه‌کسه‌ر باس له پرۆسه‌که بکه‌ین، که له نه‌ورۆزی ئه‌مساڵدا (1913) ده‌ستیپێکردووه.
ده‌مێکه زۆربه‌ی کورد هاتۆته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی، که خه‌باتی چه‌کداری کورد نه توانوویه‌تی و نه ده‌توانێ به سه‌ر حکومه‌ته‌کانی داگیرکه‌رانی کوردستاندا زاڵبێ و مافه‌کانی گه‌لی کورد به‌ده‌ستبێنێت و نه ئه‌و حکومه‌تانه توانیویانه و ده‌توانن به‌یه‌کجاری بزووتنه‌وه‌ی چه‌کداری کورد و گه‌لی کورد له بهینبهرن. گۆڕانکارییه‌کانی دونیا و ناچه‌که‌ش له‌م بیست ساله‌ی ڕابردوودا، کۆمه‌ڵێ چه‌مك و پێشهاتی نوێیان هێناوه‌ته کایه‌وه، که که‌س ناتوانێ خۆی لێیان گێل بکات و بهنادیدیان بگرێت.
له ئێستادا شه‌ڕ له توانایدا نیه له ماڵوێرانی و کاره‌سات به‌ولاوه شتێك پێشکه‌ش به گه‌لی کورد بکات له باکوری کوردستان. به‌دووریش نازانرێ که پریشکه‌کانی باشور و ڕۆژئاوای کوردستانیش به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌کان بگرنه‌وه. له ڕابردووش‌دا هه‌میشه شه‌ڕ بووه به هۆی ماڵوێرانی له کوردستاندا. هه‌ڵسه‌نگاندنی زیان و قازانجه‌کانی خه‌باتی چه‌کداری له په‌نجا ساڵی ڕابردوودا پێویستی به لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستی هه‌مه‌لایه‌نه هه‌یه، که پێده‌چێ هێشتا مه‌رجه‌کانی نه‌ڕه‌خساون.
لایه‌نگرانی ئه‌و بۆچوونه زۆرن، که ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر خه‌باتی چه‌کداری و فیداکاری شه‌ڕڤانانی پارتی کرێکارانی کوردستان نه‌بوایه، ئه‌وا کاربه‌ده‌ستانی تورك سه‌د ساڵی تریش ملیان بۆ مافه‌کانی کورد نه‌ده‌دا و دانیان پێدا نه‌ده‌نا. ڕه‌نگبێ ئه‌م بۆچوونه به‌شێکی زۆری ڕاستیی تێدا بێت.
وه‌کو که‌سێکی ئاگادار له مێژوو و ڕووداوه‌کانی باکوری کوردستان و تورکیا، پێموایه ئه‌م پرۆسه‌یه، که به پرۆسه‌ی ئاشتی نێوده‌برێ، له ده‌سپێکه‌وه به نه‌وه‌کامی له دایکبووه. یه‌کێ له هۆیه سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌م باره شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی وتووێژه‌که‌یه. ئه‌زموونه‌کانی چاره‌سه‌رکردنی دۆز وکێشه‌کان شێوازی جیاواز له‌مه‌ی مه‌ڕ خۆمانمان پێشکه‌ش ده‌که‌ن. له ده‌سپێکه‌وه ئه‌وه‌ی کورد به وتووێژ نێوی ده‌بات، حکومه‌تی تورکیا ئاماده نیه ئه‌و ناوه‌ی لێبنێت. کاربه‌ده‌ستانی تورکیا ڕۆژانه ئه‌وه ڕه‌تده‌که‌نه‌وه، که ئه‌وان وتووێژ له گه‌ڵ پارتی کرێکارانی کوردستان ( په‌که‌که)، یا ته‌نانه‌ت له گه‌ڵ پارتێکی " قانونی" وه‌کو پارتی ئاشتی و دیموکراسی (به‌ده‌په) دا بکه‌ن. له باری واقیعیدا ئه‌مه درۆیه‌کی زله، چونکه ئه‌وان له گه‌ڵ سه‌رۆکی به‌ندکراوی په‌که‌که و له گه‌ڵ نوێنه‌رانی به‌ده‌په‌دا، کۆده‌بنه و ڕێگه ده‌ده‌ن په‌یامه‌کان هاتوچۆ بکه‌ن، واتا له باری واقیعیدا ئه‌وان وتووێژ و دانوسان ده‌که‌ن، به‌ڵام ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕاستییه ده‌بێت نیگه‌رانی و گومانمان لا دروست بکات له سه‌ر هه‌ڵوێستی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌وان له‌م پرۆسه‌ی ئاشتییه.
لێکدانه‌وه‌ی زۆر بۆ ئه‌م باره ده‌کرێن. بۆ نموونه ده‌وترێت، تورك له ماوه‌ی سه‌د ساڵی ڕا بردوودا به‌و بۆچوونه په‌روه‌رده کراون، که شتێك نیه به ناوی کورده‌وه و ئێستا ئه‌سته‌مه بۆ حکومه‌ته‌که‌ی ئه‌ردۆگان یه‌کسه‌ر، نه‌ك ته‌نها دان به کوردا، به‌ڵکو دان به مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیشدا بنێت، ئه‌مه‌ش تا ئاستێکی زۆر دروسته و ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی سه‌ده‌یه‌کدا حکومه‌ته ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌کان چاندوویانه، ئه‌ڕۆ تورك باجه‌که‌ی ده‌ده‌نه‌وه و کوردی پێ بێبه‌شده‌کرێت له مافه‌کانی. له به‌رامبه‌ردا هیچ ههنگاوێکی مه‌زن و ئاشتییهكیش له مێژوودا به بێ باج و نرخی گه‌وره نه‌هاتووته دی. ڕابه‌رانی کوردیش به‌وه نه‌ناسراون که ئه‌وه‌نده پاکانه بۆ نه‌یاره نێۆخۆییهکانیان بکه‌ن، جا نازانرێ چۆن وا له به‌رامبه‌ر چه‌وسێنه‌ران و داپڵۆسێنه‌رانی گه‌له‌که‌یاندا دڵفراوان و دڵگهورهن.
زۆر جار ئه‌م پرۆسه‌ی لای خۆمان به پرۆسه‌ی ئاشتی نێوان فه‌له‌ستینی و ئیسرائیلییه‌کان و کۆنگره‌ی نیشتمانی باشوری ئه‌فریقا و حکومه‌تی ئهپارتههیدی ( ئه‌پارتاید)ی ئه‌و وڵاته و ئایڕلهندا و کوێ و کوێ به‌راورد ده‌کرێت. ئه‌مه‌ش کارێکی نازانستی و نادروسته. ته‌نها بۆ نموونه، فه‌له‌ستینییه‌کان بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی فه‌له‌ستین خه‌بات ده‌که‌ن، بیست و دوو ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی و ده‌یان ده‌وڵه‌تی ئیسلامی پشتگیری‌یان لێده‌که‌ن، داخوازی سه‌ره‌کی ئیسرائیل له به‌رامبه‌ر ئاشتیدا ئه‌وه‌یه فه‌له‌ستینی و عه‌ره‌به‌کان دان به هه‌بوونیدا بنێن. ئه‌مه له چێدا له گه‌ڵ پرۆسه‌ی ئاشتی باکوری کوردستاندا یه‌کده‌گرێته‌وه؟. کۆنگره‌ی نیشتمانی باشوری ئه‌فریقا داوای ده‌کرد ده‌سه‌ڵات ڕاده‌ستی زۆرینه بکرێت، که ڕه‌شپێسته‌کان بوون، ماندێلا قایل نه‌بوو له زیندان ئازاد بکرێت و ئاشتی ڕابگه‌یه‌نێ تا هه‌موو هه‌ڤاڵ و خه‌باتکاره‌کانی گه‌له‌که‌ی ئازاد نه‌کران، ئه‌و وه‌کو پێداچوونه‌وه‌یه‌ك به ستراتیژی بزووتنه‌وه‌که‌یدا، ده‌ستبه‌رداری چه‌ك بوو، نه‌ک بۆ گه‌یشتن به ئاشتی له گه‌ڵ حکومه‌تدا، ترسی گه‌وره‌ی ماندێلا له‌وه بوو، که دوای سه‌رکه‌وتن که‌مینه‌ی سپی ڕووبه‌ڕووی قڕکردن ببێته‌وه. سێ ساڵی ڕه‌به‌ق وه‌زیری دادی حکومه‌تی باشوری ئه‌فریقا وتووێژی نهێنی له گه‌ڵ ده‌کرد و لێی ده‌پاڕایه‌وه، دوای ده‌رچوونیشی له زیندان بوو به یه‌که‌مین سه‌رۆکی دوای ئهپارتههید. یه‌ك لهدهی هیچ یه‌کێ له‌م مه‌رجانه له‌م پرۆسه ئاشتییه‌ی تورکیا له ئارادا نیه.
ده‌وڵه‌تی تورکیا نه‌هاتووه به ڕاشکاوه‌یی ڕایبگه‌یه‌نێت، که له تورکیا دۆزێك ( به وته‌ی ئه‌وان کێشه‌یه‌ك) هه‌یه‌و پێویستی به چاره‌سه‌رکردن هه‌یه، ئه‌م کێشه‌یه‌ش له‌م سه‌رده‌مه‌دا دوو لایه‌نی هه‌یه، که حکومه‌تی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستانه. ئه‌و له ڕێگه‌ی ده‌زگای نهێنی و ئه‌منییه‌وه قسه له گه‌ڵ سه‌رکرده‌یه‌کی دیلدا ده‌کات ، که له بارێکی سه‌ختدا له دوورگه‌ی ئیمرالی ژیان به سه‌ر ده‌بات و به‌ر له ده‌سپێکی پرۆسه‌که بۆ ماوه‌یه‌کی دوور و درێژ له دونیای ده‌ره‌وه دابڕێنرابوو. له‌م باره‌دا که‌س ناتوانێ چاوڕوانی ئه‌وه بکات وتووێژێکی دروست و هاوسه‌نگ له نێوان هه‌ردوو لایه‌نی کێشه‌که‌دا به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڵکو ده‌بێ بیر له وتووێژێکی ناهاوسه‌نگ و یه‌کلایه‌نه بکه‌ینه‌وه.
له کاتی ڕاگه‌یاندنی پرۆسه‌که‌دا وترا، بۆ ده‌سپێك ده‌کرێت چاوپۆشی له‌مه بکرێت، به‌ڵام قه‌ت ڕێی تێناچێت سه‌رله‌به‌ری پرۆسه‌که به‌م شێوه‌یه به‌ڕێوه‌بڕوات و ته‌نها ئه‌رکی ژماره‌یه‌کی زۆر له یاریکه‌رانی سیاسی باکوری کوردستان هێنان و بردنی نامه و نامه‌کاری بێت. ئه‌گه‌ر پرۆسه‌که به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وامبێت ئه‌وا کلیلی کێشه‌کان، نه‌ک ته‌نها له باکوری کوردستان، به‌ڵکو له ڕۆژئاوا‌و تا ئه‌ندازه‌یه‌ك له باشوری کوردستانیش به‌ده‌ستی تورکیاوه ده‌بێت. ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌کی گه‌وره له گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت، هه‌م له باره‌ی چاره‌نووسی کورد و دۆزه ڕه‌واکه‌یه‌وه و هه‌م له سه‌ر ئاستی هاوسه‌نگی و به‌ربه‌ره‌کانی هێزه‌کان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. وا هه‌ر له ئێستاوه تورکیا خه‌ریکه له ڕێگه‌ی ئیمرالییه‌وه ده‌ست به‌سه‌ر چاره‌نووسی ڕۆژئاوای کوردستاندا ده‌گرێت و بۆچوونی خۆی له باره‌ی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورده‌وه ده‌رده‌بڕێ.